ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی(۱۰ی بەفرانباری ۱۴۰۲ی هەتاوی) کاتژمێر ۷و پەنجا خولەک لە مەهابادەوە بۆ سەردەشت خۆن تەیار کرد. ئامادەبووانی ئەم سەفەرە؛ مامۆستا مەلا عومەر مودەرریسی، مامۆستا مەلا عوسمان دانیشی و مامۆستا مەلا نەجمەدین خزری بوون. سەرەتا چووینە خزمەت مامۆستا مەلا عومەر، پێشنوێژی مزگەوتی بداغ سوڵتان. مامۆستا هەر لە مزگەوت بوو کە بە پێی دابێک بۆخۆی دایڕشتووە، شەو زوو دەنوێ و زۆر زوو پێش نوێژی بەیانی هەڵدەستێ و دەچێتە مزگەوت تا درەنگانێک دوای تاوهەڵات لەوێ دەمێنێتەوە، کە بەرهەمی ئەم دابە جووانە، توانیویەتی هەل بۆ مامۆستا بڕەخسێنێ هەمووی قوڕئانی پیرۆز بە شێوەی هۆنراوە بهۆنێتەوە و بیهێنێەت سەر کاغەز؛ بەڵام لەبەر نەبوونی ئیمکانات بۆ نەلواوە بە چاپی بگەیەنێ. جیا لەمەش، چەند بەرگی ڕاڤە و تەفسیری لەسەر قوڕئان پیرۆز کردووە، بۆ ئاگاداری خوێنەران مامۆستا شاعیریشە. 
هەر لە مزگەوتی بداغ سوڵتان وەڕێ کەوتین لە نزیکی گۆڕی بداغ سوڵتان شارەداری ئێلێمانێکی جوانی دروست کردوە کە سرنجی ڕێبواران بۆ لای خۆ ڕادەکیشێ. ئەم ئێلێمانە پێوەندی نێوان ڕۆژئاوا (گۆڕی بداغ سوڵتان) و ڕۆژهەڵات (گۆڕستانی ناوداران) واتە: مامۆستا هەژار، هێمن خاڵەمین و خوڕڕەم دڵ و... پێکدێنێ. بەم ئێلێمانەی گەلێ خۆشحاڵ بووم. 
لە ڕێیە باس لە وشەی فارسی و کوردی و هەندێ چەمک و زاراوە کرا وەک جیاوازی نێوان ئێعلامیە و ئیتیلاعیە، جیاوازی نێوان شەختە، بەستەڵەک، زوقم. باس لە چەمکی خێشکە و گۆرت و چەمکی مێشێن کرا. دڵمان بەم سەفەرە خۆش بوو، بەڵام ئەگەر چاومان لە بەندن، تەلان و پێ‌دەشت دەکرد، وڵاتێکی ویشک دڵت دەگوشرا، خوایە ئەوە دە ڕۆژی لە زستان لاداوە و تنۆکێک باران و گلویەک بەفر لە ئاسمان نەهاتۆتە خوارێ، بەڵام لە تورکیە، بەفری زۆر، بڕستی لە خەڵکی بڕیو. داوامان لە خوای بانی سەر کرد باران و بەفرمان بۆ ببارێنێ.
جەواڵەڕەشان:
گەیشتینە دوملانەی “ جەواڵەڕەشان” بە ڕوکاری “گەنەدار”، لێخوڕی ماشێن، مامۆستا خزری ڕایگرت و بێ‌نگۆ ناخۆش چەند بابۆڵە سەنگەگ بە پەنیری کوردین خوارد. لەم مامۆستا بەڕێزانم پرسی بۆ پێی دەڵەن جەوڵەڕەشان، بەداخەوە وڵامێکم زانستیم بۆ نەدۆزراوە، تەنیا ئەمە نەبێ کە گۆیا لێرەوە بە جەواڵ، کەنگر، ڕێواس، کوڕادە، مەندۆک، پیچگا، پونگە، گێلاخە، قازیاخە، هەڵز، بیزا، گندۆڕ، کارگ، سیر، موسڵی، سیرەمارە، هەلامە، چاوکزکە، شەنگ، ئەسپینگ، تێسوو، کیفۆک، ئاڵەکۆک، چەقەکۆکڵاش، کوزەڵە، قوون سوور، لوشە، ترشۆکە، کوڕادە، کاردوو، جاترە، نەعنای کێوی،بەرێزەی شاخان، گیاکوڵکنە، بێژان، گوڵەبەڕۆنە، بابوونە، گوڵەهێرۆ، گوڵەگەزیزە، گوڵەنەورۆزە، زڕەمەندێ، خووژیلک، پێچووکە، وەنەوشە، قازیاخە، ئەسپەناغ، کەلەم کاشی، ئەسپۆن، شاپەڕە، بەیبوون، گۆزرووان و گیای بەهاری خڕکراوەتەوە و براوەتە شار بۆ فرۆشتن.
مامۆستا مەلا عومەر چەند بیرەوەری خۆی لەگەڵ شاعیر و نوسەری موکریانی مامۆستا مەلاکەریم ڕاوچی گێڕاوە کە هەردووکیان کاتی خۆی چالاکی فەرهەنگی بوونە. گوتی جارێک پێکەوە چووینە ماڵە ماموستا مەلا موحەممەد عەزیزی بەردەڕەش، عەرزم کرد قوربان: مامۆستا ڕاوچی هەم شێعرهاوێژە و هەم فڕهاوێژە ئەگەر شتێکی کووت دڵمەند مەبە،  مامۆستا عومەر گوتی: مامۆستا ڕاوچی زۆر جار دەیکووت لەکن هەموو کەس دەتوانم شتەکانی خۆم بڵەم جگە لە مامۆستای بەردەش، سامی ڵێ دەکەم و ئەوەندە پیاوێکی بە هەیبەتم دێتە بەرچاو.
مامۆستا مەلا عومەر باسی زاواکێو کرد کە مامۆستا شێعەزەددین و مامۆستا شێخ جەلال هەر دوک ئاوارە بوون دوای ماوەیەک یەکتریان دیتەوە نزیک چارەگێک باوەشیان پێکداگرت و زۆر گریان.
لە نان خواردن لە خۆ بوینەوە دیتمان جڕسەقیلێک دێت بۆ هێنانە دەری ماشێنێک کە وێدەچوو شەو لێرە  جاڵە بوبێتەوە، بەڕاستی دەبوو بەر پرسانی ڕێگاو و بان لەم جێ ئەستەمانە پەرژینیان دانابا کە جێیەکی سامناکە. 
گەیشتینە پۆمپی بێنزینی “گوێچکەدەرێ”. بۆ بێنزین لێدان ڕامان گرت. پێم‌ناخۆشبوو جایگاکە، پۆخڵەن و کەند و قوڵکی زۆر هەبوو، دەکرا ڕێک و پێک و خاوێن کراباوە. 
دیتمان لە پێچە توندەکان بەرپرسانی ڕێگا و بان بۆ گەورەکردنەوە، خەریکی داتاشینی لێواری جاددەن. هەر لاشانی جاددەی دێننە خوارێ و گەورە دەکەنەوە. بەدەم ڕێوە قسەمان دەکرد، باس لە عیززەتی نەفس، دەرک کردنی جێگەو پێگەی مامۆستایانی ئایینی کرا و گللیی لە هەندەک مامۆستایان کە بە جێی خۆیان نازانن.
بۆیە دەڵەن خافڵان ڕێگات بۆ نزیک دەکاتەوە! چاووم لێ کرد ماشێن گەیشتە دوملانەی زمزیران و قاوەخانەی گۆزێ و تا هەندەک قسەمان کرد گەینە “بناویلە”ی. وابزانم مامۆستا مەلا عومەر فەرمووی: شایی بناویلەی ناودارە، گوتم دەبێ چ بێ تا هاتمە وەدووی کەوتم.

بناویلە:
سەرتا پێویستە بگوترێ، لە ناوچەی سەردەشت سێ “بناویلە” هەن، بناویلەی بچووک، بناویلەی گەورە، بناویلەی حاجی مینەی، ئێمەی لە بناویلەی حاجی مینە بە پردی تازە لێدراو بەرەو نەڵاس پەڕینەوە.
دەنگۆیە؛ دەڵێن: سەیریان کردووە دەهۆڵ و زووڕناژەنەکانی بناویلەی لە دەستەی هەڵپەڕکێ‌کە گەلێ زۆرتر بوونە، بۆتە باو دەڵەن شاییەکەی بناویلە.
مامۆستا عەلائەدین سەجادی پێوەندی بە بناویلەی باشوری کوردستان دەدات و دەڵێ:  بناویلە دێیەکی بچووکە لە بناری سولەیمانی هەر حەوت ماڵ بووە. «شایی» یەکیان کردووە و بووکێکیان لە ناو خۆیانا گوێزاوەتەوە. دەنگی ئەم شاییە گەیشتۆتە سولەیمانی و کۆیە و هەڵەبجە و قەڵاچوالان.
یا دەگێڕنەوە‌: کوێخای گوندی بناویلەی گۆیژە، شاییەکی کردووە، دوای تەواوبوونی شاییەکە چەند ئاغاو کەساسیەتیەک چوونەتە گوندەکەو داوایان لە مام کوێخا کردووە شاییەکە تازە بکاتەوە، مام کوێخاش داواکەی قبوڵ کردوون جارێکی‌تر شایی و هەڵپەڕکێ تازەکراوەتەوە، لەدوای ڕۆیشتنی ئەم کۆمەڵە، دەستەیەکی تر پیاوماقوڵی ناوچەکە چوون و داوایی تازەکردنەوەی زەماوەندیان لە مام کوێخا کردووە، بەو شێوەیە چەند ڕۆژێک شایی درێژکراوەتەوە.
دوکتۆر ئاراس حەمە ساڵح: لەکاتی ئێستا هەر شتێکی درێژە بکێشی، ئەڵێن بوو بە شاییەکەی بناویلە، یان بەهەموو بەزم و هەراوهۆریایەکی خۆش ئەڵێن: ئەڵێی شاییەکی بناویلەیە. خۆزگە لەم نیشتمانەدا وەک بناویلە هەموو ڕۆژێک شایی و خۆشی بوایە.
مامۆستا مەلا عومەر فەرمووی: هۆوە سورکێوە، سنوری نێوان ئێران عێراق. لە پردی بناویلە بەرەو نەڵاس پەڕینەو و کاتژمێر دە و هەژدە خولەک گەیشتینە “نەڵاس” ناو شار قەرەباڵغ و مامۆستا “مەلا عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی” پێشنوێژو وتار خوێنی “بێشاسپ”چاوەڕێی ئێمە بوو. ئەویش فەرمووی: مامۆستا مەلا عومەر! مامۆستا مەلا ئەحمەد کاژێ پێی خۆشە بتانبینێ چەند خولەکێک لە نەڵاس ماینەوەو چەند وێنەیەکمان بەیادگاریمان پێکەوە کێشا.
نێوچووان
لە نەڵاس بەرەو نێوچووان بەم ئاواییانەدا؛ واتە: سەرشیو، ئاغەڵان، پاشقەڵاتێ، زەلێ، سوورەبان و لەوێش را بۆ نێوچووان وەڕێ کەوتین. ئاو و هەوایەکی خۆشی هەبوو، بەڵام لە زۆر جێ تووشی ئەتڵەس و کەچکە دەبوین و لێواری جاددەیان دادەتاشی و پانیان دەکردەوە و ئەمجار هەڵیان دەکۆڵی بۆ ڕۆیەڵ کردنی لولەی گازی. حەیف و مەخابن! جادەکە خاکی بوو، لە نەڵاسێ ڕا کە بەرەو نێوچووان وەسەر کەوتین. مامۆستا مەلا عەوڵا عەبدوڵڵاهی بیرەوڕێکانی ئەم ناوچەیەی بۆ مامۆستا مەلا عومەر مودەرسی دەگێڕایەوە. گەیشتینە دەم دەرگای مزگەوتی نێوچووان، لە دەرگامان‌دا حاج مامۆستا مەلا موحەممەد  تەشریفی هاتە دەرێ پیاوێکی باریکی کەڵەگەتی وێچوو و نێوچاوانێکی پانی ڕەنگی سپی، تازە وردە خاڵی پیری لەسەر روخساری نیشتبوو. دوای ڕاموسان و دەست ماچ کردن، فەرمووی کردین. مامۆستا مەلا عومەر لەبەرەوەی مامۆستای بوو وەپێش کەوت و حاجی مامۆستا ئەوندە خاکەڕا بوو تۆبزی دەکرد دەبێ ئێمەش وەپێش کەوین. ماڵێکی خۆش، سێ نوهۆم لایەکی بە ڕوکاری مزگەوت و ڕۆکەی دیکە دەیڕاونێ چۆم و کەژ و چیا و بەندەن و تەلانی نێوچووان. وابزانم مەوددای لەگەڵ چۆم هەر بیست میتر دەبوو نەدەبوو. دڵەکی دەکرد سەد دڵ. چووینە ژورێ دانیشین، لەمێژبوو لەم جۆرە خان و نشیمەنانەم نەدیبوو، هەندەک خانوو بە مۆرە و هەندەکیش لێواری پەنجەرەکانیان بە خشتی سوور وێکهاتبۆوە. کە فەرموویان بە بیری کەس نییە. ڕوخسارو قەڵافەتی مامۆستا، بیرهێنەرەوەی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد عەزیری بەردەڕەشی بانە بوو. ماڵە حاجی مامۆستا کەش و هەوایەکی خۆشی هەبوو. کاک عەبدولقادر موحەممەدی کوڕی مامۆستا لە نەڵاسێ ڕا تەشریفی هێنایەوە. 
ناساندنی نێوچووان
یەکێ لە ئاواییەکانی سەر بە شاری نەڵاسی “سەردەشت”ـه و لەگەڵ نەڵاس ۱۳کیلۆمیتر مەودای هەیە. ۱٨ماڵە دەبێ. نێوچووان، شێوەدوڕگە(شبەجزیرە)یەکە، دەوران دەوری “چۆمی زێ”یە. نێوچوانی تووند دە باوەش گرتووە، شەوێ کەسێک بێ و نابەڵەد بێ؛ دەڵێ: ئەم دێیە دو چۆمی لێیە و دەبێ ئەم خەڵکە بە کۆ دا چووبنە وێ. ئەم چۆمە لە دەشتی وەزنێ سەرچاوە دەگرێ و دەچێتە قاسمەڕەش و لەوێ ڕا بۆ “بەنداوی نوکان”ی کوردوستانی باشوور جا لەوێ دەحەسێتەوە، یەکی لە شاخەکانی دەوری نێوچووان، کێوی “گۆمێ”یە کە سێ گۆمی تێدایە. نێوچووان بۆیە پێی دەگوترێ نێوچوان؛ چوون لە نێوان دو چۆمانە هەڵکەوتووە. کاری خەڵکی ئەم دێیە بە زۆری بزنداری، باغداریی کە ئەویش گوێز و ترێیە.
کاک عەبدولقادر موحەمەدی لەمەڕ نێوچووان گوتی: ئەم ئاواییانە: نێوچووان، زەلێ، ئەحمەدبریوو و سورەبان لە نێوچووانی کۆنەوە سەرچاوەیان گرتووە.

هەروەها ئاماژەی کرد: نێوچووان، دابەستەی ماسی(پرورش ماهی)هەیە، دو گردی لێنە بە ناوەکانی گردی “عەجەم” و گردی “کەڵێسە” کە تۆماری نەتەوەیی(ثبت ملی)کراوون و لە ژێر چاوەدێری کەلەپووری فەرهەنگی سەردەشت دانە. لە درێژەدا گوتی: بەڕاستی هیچ‌خزمەتگوزارێک بۆ ئەم دێیە نەکراوە، دەنا وێنەی هەیە کە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی قاجارەکان وەک ئاواییەکی گرینگ لێی‌کێشراوە. ناو دێ سەنگ فەڕش نەکراوە، بەداخەوە وردەوردە بەرەو چۆل بوون دەڕوا؛ نەک هەر نێوچووان، بەڵکە ئەحمەد بریوو، جارێ “سورەبان” هەر چۆل بووە. گوندی “مەمەنداوێ” کە هەر لەمێژە چوول بووە. مەخابن! ئاواییەکانی “زەڵێ” و “ئاغەڵان” بەرەو چۆل بوون دەڕوون. ئاغەڵان کاتی خۆی هەشتا نەوەد ماڵ بوو ئێستاکە سی‌وپێنج ماڵ دەبێ و هەموو ڕویان دەشاری کردووە.
ناساندنی حاج مامۆستا مەلا موحەممەد موحەممەدی:
حاجی مامۆستا لە دایک بووی ساڵی ۱۳۳۱ی هەتاوییە، باب و باپیری هەر لە کۆنەوە لێرە بوونە. مامۆستا لە دایکی ڕا دەبێتە نەوەی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای پاراستان کە کاتی خۆی فتوح‌سوادالعراق واقدی ـ کە ئەم کتێبە، قسە و گومانی زۆرە لەسەرە ـ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا لە عەڕەبی ڕاوەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. مامۆستا مەلا مەحموود مەعڕوفی(تورجانی)؛ دەڵێ: مامۆستا مەلا قادر لە زەمانی قاجارەکان‌دا گیراوە.
مامۆستا مەلا موحەممە، خوێندنەکەی لە خزمەت ئەم مامۆستا بەڕێزانە دا بووە؛ وەک: مامۆستا مەلا موحەممەد واوی لە ئاوایی مامەزینێ، مامۆستا مەلا ڕەحمان لە ئاوایی هەڵوێ، شەهید مامۆستا مەلا عەزیمی لە ئاوایی بنووخەڵەف. 
مامۆستا ساڵی ۱۳۵۵ی هەتاوی توانی لە خزمەت خوالێخۆشبوو مامۆستا “مەلا نەجمەدین کەوکەبی مۆڵەتی” مەلایەتی وەرگرێ و بە خەرجی عەزیزی سەلیماغا کە پارەکە کۆچی دوایی کرد ڕێوڕەسمی ئەم مۆڵەتەی بۆ دابین بکرێ.
مامۆستا ساڵ ۱۳۵۱هەتاوی لە لایان ڕژیمی شا لە سەر هەستی نیشتمان‌پەروەری دەگیرێ و ماوەی چوارساڵ لە بەندیخانەی ورمێ دەگیرێ. دوای تەواو بوونی سێ ساڵەکە، دەڵەن: ئەگەر دوعا بۆ شا بکەی، ئەمساڵەتان پێ دەبەخشرێ؛ بەڵام مامۆستا دەفەرمووی: قەت داوای عەفووی لێ ناکەم ئەگەر سەد ساڵی دیکەش لە بەندیخانە بمێنمەوا، بۆیە مامۆستا چوار ساڵەکەی تەواو کرد.
عەرزم کرد قوربان توانیوتە شت بنوسی فەرمووی هەر لە قەدیمەوە سەرم دێشێ زۆر دوکتۆڕان گەڕاووم، بەڵام چارەیان بۆ نەدۆزیوەتەوە، لەم دواییانەش کە نەخۆش بوومە دوکتۆر سێ دەرمانی بۆ داناووم، پیادەڕەوی، وەرزیش و کارکردن؛ گوتی: بە دوکتۆرم گوت وەرزیش نازانم بەڵام کار و پیادەڕەویووم پێ دەکرێ و ئێستا دەیان کەم جا لەوەی ڕا باسی پیادەڕەویی کرا، مامۆستا فەرمووی من بە سێ کاتژمێر چوومەتە سەردەشت، کاتی خۆی زۆر بە پێیان چوومەتە قەڵادزێ و مەهاباد. مامۆستا عوسمانی دانیشی فەرمووی: خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا نەجمەددین شەریعەت پەنا لە ورمێ ڕا بە پێیان هاتۆتەوە سەردەشت.
مامۆستا تا ئەم دواییانەش کە فەقێی هەبوونە حوجرەکەی بێ فەقێ و فەقێکانی بێ وانە نەبوون، حاجی مامۆستا هیچ بەرات لە خەڵکی وەرناگرێ بەڵکە وەک خەڵک خەریکی باخ دارییە. بە هیممەتی مامۆستا ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی لەم ئاواییە مزگەوتەکی خۆش ساز کراوە کە ۱۰لە ۱۲دا دەبێ، دونهۆمە، نهۆمی خوارێ تایبەتە بە ئافرەتانە، مزگەوتەکە زۆر پەرداخە، ئاودەست، شوێنی دەستنوێژ، هەموو ڕێک و پێکە، گەر چوینە ژورێ میحڕابەکە کەوتبۆ قونیسکی مزگەوتێ، لەم سۆبانەی کە دەستکردی شاری شنۆیەیە لە نێوەڕاستی مزگەوتێ هەڵکرابوو ب مزگەوتی پێ گەرم دەکر.
ڕایەخەکی دەستکردی کوردی لێ بوو زۆر قەدیمی بوو مامۆستا فەرمووی زیاتر لە پەنجا ساڵ دەبێ کە ئەوکاتیش دەستی دوو بوو لە مەهاباد بە دەتمەنی کڕاوە، تۆمار ساعەتی مەلا خەلیل گۆڕەمەری بۆ دیاری کردنی کاتی بانگەکان بە ئاسۆی شاری سەردەشت لەپەنا مێحڕابە هەڵاوەسرابوو مامۆستا هەر بۆخۆی بانگی فەرموو خوا هەڵناگرێ دەنگەکی نەرمی هەیە.
بۆنیووەڕۆ مامۆستا مەلا ناسر موحەممەدی مامۆستای ئاوایی ئەحمەدبریوو تەشریفی هێنا کە لە ئەسڵا خەڵکی برایم‌خەساری گەورکایەتی “مەهاباد”ێیە.
زۆرم پێ خۆش بوو مامۆستا مەلا موحەممەد لەگەڵ منداڵەکانی وەک ڕەفیق و دۆست دەجۆڵایەوە. دوای نەهار و تۆزێک حەسانەوە هەستاین بڕۆین کە حاجی مامۆستا هەر کام لەئێمەی بە جووتێک گۆرەوی، کولەکەی خۆماڵی و گەسک خەڵات کرد.
دوایی نوێژی ئێوارێ لە خزمەت مامۆستا مەلا موحەممەد و مەلا ناسر بەرەو ئاوایی زووران بە دوو ماشێن وەڕێکەوتین. مامۆستا مەڵا عەوڵا کە مەلای بێشاسپێیە برمانەوە ماڵێ و کولەکەو گەسگەکەی تەحویلی ماڵێ‌دا بۆ خۆشم پێمخۆشبوو بێشاسپ لە نزیکەوە ببینم زێدی مامۆستا مەلا حوسێن ئیبڕاهیمی.

گەڵاڵەن واداڕشت‌بوو شەو بچینە زووران و میوانی حاج مامۆستا مەلا قادر مەحموودی(ڕۆستەمی) بین، پیاوێکە زۆر میوانگر، باوەڕکە تا چوینە “زووران” پێموایە پێنج شەش کەڕەتی زەنگ بۆ مامۆستا دانیشی لێدا ئەرێ نەهاتن؟ ئەرێ نەگەیشتینێ؟ ئەی کەنگێ دێن؟ ڕۆژ درەنگە درەنگ! 
زووران:
بانگی شێوان گەیشتینە زووران و هەندەکمان ڕاست چوینە مزگەوت و نوێژەکەن بە جەماعەت کرد، مەلا سەیید موبین هاتبۆ وێ و چامان پێک کەووت، مامۆستای مزگەوت جەنابی مامۆستا مەلا موحەممەد ئەحمەدی بوو؛ دەم ناسی کاتی خۆی لە قزلقۆپی مەلا بوو، دوای جەماعت خۆش و بێشن کردن و مامۆستا دانیشی گوتی حاجی مامۆستا مەلا عەبدولقادر دەفەرموێ بە مەلا موحەممەدی بڵەن بۆ شام بێتەوە. ماشاڵڵا مزگەوتەکی خۆش و دو نهۆم بوو، تەبەقەی خوارێ کە تایبەتی ئافرەتان بوو هەمووی بە بەرد، چنرا و دانرابوو، یەک دەفعە مزگەوتی هەورامانی تەختم هاتەوە بیر. بۆ شام چووینەوە ماڵە حاجی مامۆستا مەلا قادر زۆر قسەی خۆش کرا و یادێک لە دەورانی بەند کراوی ئەم سێ مامۆستایە؛ واتە: مامۆستا مەلا عومەر مودەرریسی، مامۆستا مەلا نەجمەددین کەوکەبی و مامۆستا مەلا قادر کرا کە لە سەر کوردایەتی ساڵی ۱۳۴۷ی هەتاوی پێکەوە لە بەندیخانەی جەڵدیان و ورمێ‌دا بوونە.
حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی نێوچووان زۆر دا کۆکی کرد لەسەر ئەوە کە مامۆستایان بە هەموو چین و تۆژەکانی دەبێ یەکتریان خۆش بوێ، دا کۆکی کرد کە دەبێ مامۆستایان خۆیان لە هەمبەر مزگەوت بە پرس بزانن.
ئاوایی زووران زیاتر بناسین:
زوران، سەدوو چل(۱۴۰)ماڵ دەبێت کە هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای “سەردەشت”ێیە بە مەودای دوازدە (۱۲)کیلۆمیتر و تا سنوری کوردوستانی باشوور (۱٨) کیلۆمیتر مەودا هەیە. ڕۆژئاوای دەبێتە “کونەمشکێ” لای ڕۆژهەڵاتی “نێشکۆڵان” و لای باشوری بێورانی خوارێ” و لای باکوری جاددەی سەردەشت “قاسمەڕەش”ـە. داهاتی ئەم ئاواییە جیا لە جوتیاری زۆرتر ترێ ڕەشەیە. لەم دێیە هەمە چەشنە وەستایەک بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ئابووری وەگیر دەکەوێ. ناودێ ئەسفاڵت و سەنگ فەڕش کراووە بینای تازەی لێ ساز کراووە.
هەڵکەوتەیی ئەم ئاواییە وایە کە دەوران دەوری کێوە، لە ناودارتین کێوەکانی دو کێوی بڵەفت بە بەرزی (۲۴۰۰) و کێوی دوپەزە بە (۲۳۷۹)گەز بەرزە. دیسان دەوران دەوری ئەم ئاوییە دار  بەڕوو و هەمەچەشنە گیای خێڕۆک، چاوی هەر بینەرێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. لەنێو دارستانەکانی دا بەرازوو و گورگ دەبینرێ.
کاک لوقمان ڕۆستەمی برازای مامۆستا مەلا عەبدولقادر و خوێندکاری دکتوری زانستە سیاسیەکان لە بەشی  ئەندیشە سیاسی لە زانکو علوم و تحقیقاتی تاران و  ئەندامی شورای شاری خوڵی شش و ساڵی ئەوڵ رئیس شورا لە سەردەشت بووە کە دوای ساڵ و نیۆک دێتە دەرێ و دەست لەکار دەکێشێتەوە ئاوا باسی زووران دەکات: “خەڵکی ئەم ئاوییە زۆر گرینگی بە پاراستنی ژینگە دەدەن و دژی ئەوانە دەوەستن کە دەستدڕێژی بکەن بۆ لە ناوبردنی ئەم دارستان، چڕۆکۆ و لێڕەوارە. کەیخودا لێوەشاوەی لێ هەڵکەوتووە؛ وەک: کوێخا مەحموود و کوێخا عەزیزی کە لە ئاشتەوانی و نێوبژی ناوچە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە”
وەک دەگێڕدرێتەوە لە “حاجی مەحموود مەلەک” دانیشتووی بێورانی خوارێ کە ئەم ئاوییە لە ساڵی ۱۳۱۷ی هەتاوی لە هەرای “ئەمەرپاشا” دانیشتووی قەلەڕەش دژی ژەندرمەکانی ڕژیمی ڕزاخان، کە خەڵکی زووران شان بەشانی ئەمەر پاشا ڕاوەستاون و بە پاڵپشتی چەند کەسی‌تر نەیانهێشت ئاوایی بکەوێتە دەستی داگیرکەرانی ڕژیمی شا، هەر سوارەی عەوڵا تالی، بە تەنیا چوارکەسی لە ژاندارمان چەک کردووە.
زۆر قسە هەیە لەسەر نێوەکەی وەک مامۆستامەلا قادر فەرمووی دەڵێن لەبەر ئەوە پێی دەڵەن: زووران؛ چونکە بەردی زوری زۆر لێیە کە چەقوو و مەڵەغان و کێڕدیان پێ تیژ کردووە.
ناساندنی مامۆستا مەلا قادر:
شەو قسەی ئاسایی زۆر کرا و مامۆستایان باسیان لەوە کرد چ بکەین هەموو جۆرە بیرکردنەوەکان لێک نزی بکرێنەوە. دوایە داوام لە مامۆستا مەلا قادر کرد کورتەیەک لە ژیان و چالاکیەکانیمان بۆ باس بکات؛ مامۆستا زاراوەیەکی تایبەتی هەیە؛ گوتی: لە دایک بووی ساڵی ۱۳۲۲ی هەتاویمە، ساڵی ۱۳۴۹ی لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدوڕەحمان سیسێری(ڕەحمانی)مۆڵەتی مەلایەتیم وەرگرتووە، چل‌و دوساڵ(۴۲)مەلا بوومە، بۆ وێنە: نۆ(۹)ساڵ لە قۆزلوێی گەوره، سێ(۳)ساڵ لە جانداران. لەبەرەوەی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران چالاکی سیاسیم دەکرد و دواتریش لە کاری نێوبژی و کار فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی‌دا هەوڵم داوە، زۆرێ لە کەسایەتێکانم دیومن وە یا هاتونەتە ماڵێم، سێ(۳)کەڕەت لە قالبی موڕەوویجینی مەزهەبی شام دیوە، سێ(۳)مانگان لە بەغدا لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەرریس بوومە، بە خزمەت مەلا موستەفا بارزانی گەیشتووم، ئیدریس بارزانیم دیوە. مام جەلال تاڵەبانی، دوکەڕەت لێرە(زوران)میوان بووە، جاڕێکی لەگەڵ جەمعێک لە پێشمەرگەکانی. هەیئەتی حوسنی نییەت، مامۆستا شێعەزددین و سەلاحی موهتەدی لێرە میوانم بوونە.

شێخ عوسمانی بیارەی دەکەڕەت نامەی بۆ ناردوومە و گوتویەتی مەلا قادر تەرجمانی زبان حاڵی منە. کوڕی ڕەش(عەلی قازی)م دیوە. حەووت شوڕای عەشایر لە ناوچەی سەردەشت دامەزرا من مودیریان بووم. مامۆستا، هەر زوو زوو دەیکووت: دونیام دیوە دەستم دەڕۆیشت و بە بڕشت بوومە. لە چالاکێیەکانی گوتی: چالاکی سەرەکیم لە ساز کردنی یازدە(۱۱)مزگەووت، پێنج(۵)قوتابخانە و سێ(۳) خانە بێهداشت هەبووە. پردی زۆرم دروست کردوونە.
گوتی ئەوکات لە مەهاباد بووم موحەممەدێ ماملێ دەهاتە لام و قوڕئانم پێدەگووت، سوڕەتی موباڕەکەی “ئەعڕاف”م پێ گوتووە. 
مامۆستا مەلا قادر عادەتی وایە، هەر ڕۆژێک خودا دایناوە بەیانی زوو زوو ڕدێنی پاک پاک دەتاشێ، هەموو ڕۆژێ کەوشەکانی واکس لێدەدا،  فەرمووی: دە جووت و سی(۳۰)دەست کەوا پاتۆڵم هەیە. 
دوای سوبحانە و چایی چووینە دەرێ چاوون لە کێوەکانی دەورووبەر کردوو چەند وێنەیەکمان لەپشت سەری کێوی دوپەزە کێشا.
دوایی سوبحانە خواردن چوینە ماڵە مامۆستا مەلا موحەممەد ئەحمەدی کە زیاتر لە حەوت ساڵ دەبێ لەم دێیە مەلای ئاوەدانییە، شەو مامۆستا مەلا قادر تاریفی دەکرد کە لەم گوندە چالکی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەیە خەڵک خۆشیان دەوێ، دۆنیێش من دیتم کتێبی ڕێنووسی کوردی نوسراوەی کاک ڕەحیم سوڵتانی لە مزگەوت دانرابوو کە مامۆستا فەرمووی برادەرێک دێ لێرە وانەی کوردی بە منداڵان دەڵێتەوە، کە ئەمە جێی‌دڵخۆشیە.
مامۆستا مەلا موحەممەد ئەحمەدی لە دایک بووی ساڵی ۱۳۴٨ی هەتاویە و لە ئاوایی “مێوینێ”لە نزیک پێنج کیلۆمیتری بناویلەی حاجی مینە، ساڵی ۶۳ی هەتاوی دەست بە فەقێیەتی دەکات و ساڵی ۱۳۷۰لە ڕەبەت لای مامۆستا مەلا ئەبوبەکری مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ و ئێستاش حەووت ساڵە لە زووران مامۆستای ئایینیە.
لە ماڵە مامۆستا موحەممەد زۆر دانەنیشتنین. مامۆستا قاوە و میوەی بۆ هێناین. دیارە بۆ نیوەڕۆ بڵێنیمان بە جەنابی مامۆستا مەلا هەمزە ئیلاهی لە گوندی نێشکۆڵان داوە.
بێوران:
لە خزمەت ئەم مامۆستا ئەزیزانە چووینە بێوران بە مەبەستی سەردانی مامۆستا مەلا سەیید عەبدوسسەلام مەحموودیان، کە جیا لە زانستی ئایینی دوکتۆرای ئەدەبیاتی عەڕەبی لە زانستگای هه‌مه‌دان وەر گرتووە و له قوناغی کارناسیی باڵادا له‌ زانكۆی عه‌للامه‌ ته‌باته‌بایی تاران یەکێ لە ئوستادەکانی کاک (دوکتۆر) هادی موڕادی بووە. سەرەتا چووینە مزگەوتی نوێ و جامیعەی ناو دێ کە مزگەوتێکی یەجگار زۆر خۆشە، چوار دەورەی بەدەرەوەیە، ئەم مامۆستایانەی دەستوێژیان هەبوو نوێژی تەحیەتوولمەسجدیان خوێند، مامۆستا مەلا موحەممەدی نێوچووان فەرمووی لە فەقێیاتێوە عادەتم گرتووە قەت بێدەستنوێژ نەبمو بەردەوام دەست بەدەسنوێژبم. چووینە فێرگەی فەقێکان چەند فەقێ خەریکی خوێندنی وانەکانی مامۆستایەتی بوون.
ناساندنی مزگەوتی بێوران:
مامۆستا عەبدوسسەلام مامۆستا و وتار خوێنی ئاوایی؛ ئاوا باسی بێوران و مزگەوتەکە دەکات: بێوران لە چوار(۴)کیلۆمیتری ڕۆژئاوای سەردەشتە، هەڵکەوتوو لە سەر جاددەی بنەڕەتی “کێلێ” بۆ سنوری عێڕاق، نزیک چوارسەد(۴۰۰) ماڵ و هەزار و حەوسەد(۱۷۰۰)کەس دەبێ. خەڵکی غەوارەی تێدانییە و دانیشتووانی ئه‌و گونده‌ بە دوو سەره‌ و چه‌ند ‌سەر پێکەوە خزمن. وەک دەڵەن بۆیە پێی دەگوترێ بێوران؛ چوون لە بنەڕەتددا بوێران واتە بەخیرەتەکان بووە و دواوە سوواە و بۆتە بێوران
ئەم ئاواییە دو مزگەوتی هەیە، یەکیان کۆنە ڕەنگەزیاتر لە سەد ساڵ بێ ساز کراوە و حەوزوو کانی خۆی هەیە کە بۆ نۆژی جەماعەت کەڵکی لێوەردەگێرێ و خۆم پێشنێژی ئه‌و مزگه‌وته‌م، ئەوەی نوێش بۆ نوێژی هەینی و بۆنەکان و نوێژه‌ پێنج وه‌خته‌كانیشی به‌ پێشنوێژی فه‌قێكان تێدا به‌رپا ده‌كرێ.
لە باسی مزگەوت؛ گوتی:ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی کە هاتمە ئێرە تەنیا ئیسکلێتەکەی چەقێنرابوو به‌ڵام به‌ فه‌زڵی خواو هیممه‌تی خێرخوازان توانیمان به‌ ئاكامی بگه‌یه‌نین و یەکەم نوێژی هەینی لە نۆهۆمی خوارەوە ساڵی ۱۳۹۴تێدا بەڕێوە بەرین. دوای نزیک نۆ(۹)مانگ توانیمان نوێژی هەینی بەرینە نۆهۆمی سەرێ. 
مزگەوتەکە هاوڕێ لەگەڵ تەبەقەی خوارێ کە ئەویش دو بەشە، دو سێ‌وەمی ئی پیاوان و سێ‌یەکی ئی ئافرەتان کە هەر کامیش سرویس بێهداشتی خۆیان هەیە؛ دوهەزارو پەنجا(۲۰۵۰)میتر ژێر بینای هەیە. دیارە جیا لە نۆهۆمی سەرێ باڵگۆنیشی هەیە. 
بەر لە هاتنی ژووره‌وه‌ کەوش کەنه‌ و لای چەپ فێرگەی ئایینی بە ناو‌(عەللامە مەلا ساڵح ”گەناوی”نەجیبی)یە.
لای ڕۆژئاوای مزگەوت ئەم زەویە دەیبینن کە هەر ئی مزگەوتە کردومانەتە بە پارک بۆ مناڵان و پیاوانی بەساڵداچوو هەر وەها بۆ جێی حەسانەوەی کاتی بەڕێوه‌ چوونی پرسە و بۆنەکان کە هەزار(۱۰۰۰)میتر دەبێ. لای ڕۆژهەڵاتی مزگەوتیش پێنج‌سەد(۵۰۰)گەز دەبێ کە تایبەت کراوە بۆ ئافرەتان.

ئەم مزگەوتە گەورەیە بەم مەنارە جوانەیە کە لە شوێنی‌تر دێن بۆ دیتنی و بۆ نوێژی هەینی جێگای نزیک چوار هەزار(۴۰۰۰)کەس دەبێ؛ بە جوامێری حاجی ئیسماعیل _خزری خوا بی پارێزێ_ و خەڵکی خێرومەند بینا کراوە و من ساڵی ۱۳۹۲ی  هەتاوی هاتوومە “بێوران” 
دوایی چوینە ماڵە مامۆستا مەلا سەیید سەلام، ماڵەویش پلیکانی زۆر بوون کە بۆ ئەم سێ مامۆستایە دژوار بوو، حاجی مامۆستا مەلا قادر، مامۆستا مەلا عومەر کە هەر دووکیان گۆچان بەدەست و حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد، وەسەرکەوتین. باس لە تەفسیری قوڕئان کرا، باس لە تەفسیری مامۆستا مەلا موحەممەدی گەڵاڵەی کرا کە زۆر زانایانە بابەتەکانی باس کردووە بەڵام لێی حاڵی بوونی قورسە، ئی مامۆستای خاڵ ڕەوانترە. دوایە کاک مەلا سەیید ڕوی لە مامۆستا دانیشی کرد قوربان جەنابت لە دایک بووی بۆکانێی فەرمووی بۆ عەرزی کرد زاراوەی جەنابت وەک بۆکانی دەچێ. گوتم کاک مەلا سەیید زاراوەی مامۆستا مەلا قادری زووران لەگەڵ زۆرێک لەخەڵکی ئەم ناوچەیە یەک نییە. مەلا سەیید عەبدوسەلام گوتی: فڵانی بیورانی خوارێ وەک سەردەشت و بێورانی خوارێ وەک قەلەڕەش قسەدەکەن.
سەردەشت:
دوایی لەوێ‌ڕا تەلەفوونم بۆ مامۆستا “مەلا سەیید ڕزا حوسەینی” کرد؛ ئەگەر تەشریفیان لە ماڵێ بێ کۆمەڵێ لە مامۆستایان دێینە خزمەتیان، فەرمووی لە خزمەت و داینە، ئەم جەمعە چووینە ماڵە حاجی مامۆستا جێگایەکی زۆر بڵیند لە پەنجەرەو بەڵگۆنی ڕۆژهەڵات پێ‌دەشتی سەردەشت هەموو دەهاتە بەر چاو. ئاوەدان بێ کوردوستان حەیف نییە هەر ڕۆژ هەواڵ دێ ئەمەندە کەسە لە سەردەشت و فڵان شارە بۆ ئوڕوپا کۆچیان کردووە و وڵاتی خۆیان بەجێ دێڵن.  چایەکن خواردەوو زۆر دادەنیشین و دوایی چا خوارنەوەو میوە، یەکێ لە مامۆستایان؛ فەرمووی: وڵا زۆر بەجێیە سەرێکی مامۆستا “مەلا نەجمەدین حیکمەتی” بدەین ئەم جەمعە وەڕێ کەوتین لە ڕێیە تووشی مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان عەلیپوور هاتین و عەرزی ویشمان کرد لەگەڵ‌مان هات و چوینە خزمەت، مامۆستای زانا و سادە و خودایی، مامۆستا “مەلا نەجمەدین حیکمەتی” کاتی خۆی لە پشتەپ بەری شیلانانی مزگەوتی جامیعە مەلا بووە، فەقێی هەبوونە بە چەند فەقێیان موڵەتی مەلایەتی داوونەتێ. ئەگەر چووینە ژوری دیوەکی چکۆلانە مامۆستا لە جێ دابوو بەخاتری ئێمە هەردو دەستی بە دیوار گرت و هەستاوە. پیاوێکی ڕەقەڵەی ڕزا سووکی گەلێ باڵا بەرز بوو. چەند مامۆستایەکی ناسین، وەک مامۆستا مەلا سەیید ڕزا و مامۆستا مەلا قادری زووران و گۆیی زۆر گران بوونە. ئەم پرسیارەی کرد، ئەرێ قنووت دروستە بە پێوە بخوێندرێ؟ مەبەستی قنووتی نوێژی بەیانی بوو. مامۆستا لە دایک بووی ساڵی ۱۳۰۷ی هەتاوییە واتە مامۆستا نەوەدووشەش ساڵە. دوایی خوا حافیزیمان لە خزمەتی دا کردوو بەرەو نێشکۆڵان ڕۆیشتین، جێی خۆیەتی ئاماژە بکەم مامۆستا “مەلا هەمزە ئیلاهی” فەرمووی چوونە ماڵە هەر مامۆستایەکی لەگەڵ خۆتانی بێننەوە ماڵی مە نیە ماڵەخۆتانە و لە خزمەت و داینە.
نێشکۆڵان:
نێشکۆڵان لە زمانی مامۆستا: نێشکۆڵان، کەوتۆتە ڕۆژئاوایی سەردەشت و شەش(۶)کیلۆمیتری مەودا لەگەڵ هەیە. مزگەوتەکە ۲۶دە۱۲و نیو دایە یانی ۳۲۵میترە، هەندە لە ڕۆژانی هەینی پڕ دەبێ، زۆرتر خەڵکی نێو شار دێن بۆ ئێرە، دیارە بەشی ئافرەتانیشی هەیە، تا ئەم دواییانەش فەقێمان هەبوونە. مامۆستاکەی “ئومێد هیممەت زادە” لە دایک بووی ئالان و بێژوێ و گوندی دولکانە، 
بۆ نەهارێ چوینە نێشکۆڵان و سەرەتا چوینە مزگەوت لەوێ نوێژی جەماعەتن کرد و پاشان ئەم جەمعە هاتینەوە ماڵە مامۆستا مەلا حەمزە ئیلاهی. باسی زۆر شت کرا مامۆستا دانیشی هەندەک بیرەوەری خۆی و مامۆستا مەلا نەجمەدین شەریعەت پەنا گێڕاوە، حاجی مامۆستا مەلا سەیید ڕزا فەرمووی لە پارێزگای ڕۆئاوا ئەگەر باسی ئەم دوو وتار بێژە بە هێزانە واتە جەنابی مەلا سەیید عەبدوسەلام مەحمودیان و مامۆستا مەلا فەرهادی ئاگشتە دەکەن گەزگەز پێی دەچمە سەرێ و شانازیان پێ دەکەم. لێیان پرسی لە سەردەشت ئێستا چ مامۆستایەک زانایە و عیلمەکانی مەلایەتی چاک دەزانێ؛ فەرمووی: مامۆستا مەلا سەعیدی کاژێ.
مامۆستا مەلا سەید ڕزا فەرموو: کاتێ لە خزمەت حاجی “مامۆستا سەیید نورەددین واژی”بووم، بە خزمەت “حاجی عەدە”گەیشتین کە زۆر عالم بوو، حاجی مامۆستا سەیید نورە بەڕێزەوە لە سەر چووک دانیشتبوو، ئەم پرسیارەی لێکرد: قوربان لە نێوان “مامۆستا مەلا موحەممەدی گەڵاڵە” یاهەمان ڕەئیس بۆکانی لەگەڵ “مامۆستا مەلا باقری بالک” کامەیان عالم‌تر بوونە؛ فەرمووی مامۆستا گەڵاڵەی جامیع‌تر بووە، بەڵام دوسەد ساڵیش دەبێ کورد فەیلەسووفی وەک مامۆستا مەلا باقری بە خۆوە نەدیوە.
ئاماژە: مامۆستا مەلا سەیید ڕزا ماوەیەک لە گەڵاڵەی عێڕاق لەگەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا موحەممەد سەباتی لە لای مامە نورە(حاجی مامۆستا سەید نورەددین واژی)م فەقێ بوونە.
مامۆستا مەلا هەمزە ئیلاهی لە بەهاری ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوێوە دەناسم ئەوکات من و مامۆستا موحەممەد کاشانی مامۆستا مەلا هەمزە و پۆلێ لە فەقێکانی پیرانشار و سەردەشت لە خانەگای پاوە فەقێ بووین. دو وانە‌بێژی هەبوو مامۆستا مەلا سەید قادری عەزیزی و مامۆستا مەلا مەحموود وەیسی، مامۆستا مەلا عەبدولقادر کتێبەکانی وەک نورالیقین، منهاج القاصدین و... دەگوتەوە، مامۆستا وەیسی، علومولقوڕئان، علومولحەدیس، شذورالذهب، بلاغە الواضحة وفتح القریب و.... دەگوتەوە من توانیم حەووت مانگ لەوێ بم. مامۆستا مەلا مەحموود وەیسی بیرەکی تیژی هەبوو لە قوتابیانی عەللامە کاک ناسر سوبحانی بوو.
دوایی لە نێشکۆڵان خوا حافیزیمان کرد و بە ڕەبەتێ شاری موساسیر دا بە رەو مەهاباد گەڕاینەوە. گەیشتینە ڕێگای زمزیران مامۆستا دانیشی فەرمووی ئێرە ڕێگای زمزیرانە ئای مامۆستا مەلا موحەممەد(سەباتی)! گۆڕت پڕ لە نوور بێ! هەر دووکمان غوربەتیان هەستا و ئاگام لێ بوو مامۆستا عوسمان فرمێسکەکانی وشک دەکردنەوە. گوتی ئاخ ئەگەر کاک شێرکۆ زەنگی بۆ لێدام کە فڵانی ڕەفیقەکەت بە جێی هێشتیوی. مامۆستا مەلا موحەممەد پیاوێکی زۆر شەریف و مێهرەبان بوو. هەرکەس جیرانی با یا لەگەڵی تێکەوتبا دەیزانی ئەم پیاوە چەندە دڵێکی گەورە، عالم و پیاو چاکە. لە نزیکانی مامۆستا خدری سارکێ بوو، هەر دووک بەڕەحمەتی خودا شاد بن.
درێژەن بە ڕێگەدا بە ڕووکاری دیوی مەهاباد گوشی مامۆستا مەلا عومەر زەنگی خوارد کچەکەی مامۆستا لە دوور وڵاتێ بوو. بابە چۆنی؟ مامۆستا گوتی جا چۆنم لە دوری کاکت. مامۆستا هێندە لەمێژ نییە برازایەکی بە ڕوداوی هات و چۆ کۆچی دوایی کردوو و هێندەی پێ نەچوو دوای وی کاک هادی کوڕیش کت‌وپڕ مرد.
مامۆستا عوسمان زۆر زۆر دڵخۆشی داوە، هیچ کەس بێ هەڵە نییە، خۆم ڕەخنەم هەیە لەسەر مامۆستا مەلا عوسمان دانیشی ئەما ئیجازە بدەن چەند کاری چاکی ئەم مامۆستا خۆشەویستەتان عەرز کەم. من کە لە کۆخانێ مەلابووم و مامۆستا مەلا عوسمان بەر لە من لەوێ مەلا بوو، خەڵک دەیانگێڕاوە کە کاتێ کوردی باشور(عێڕاق)ئاوارەی ئێران بوون، دیارە هیچ منەتی نەبوو ماڵە خۆیان بوو، ڕێز و حوڕمەتیان واجب بوو، ئەما خەڵکی کۆخانێ دەیان کووت مامۆستا مەلا عوسمان جیا لەم کارە بەنرخەنانە، پیاوێکی پیری بێکەس کە تەنانەت پاک و پیسی خۆی بۆ نەدەکرا مامۆستا وەک بابی خۆی ئاگاداری لێ دەکرد و بە دوکتۆڕانی دا دەگێڕا. نمونەیەکی تر مامۆستا مەلا قادر زووران کە شەش مانگ خێزانی لە ئاسیووی نەخۆشخانەی مەهاباد بوو خۆی و کچەکانی ئەم شەش مانگە لە ماڵە مامۆستا مەلا عوسمان بووە بێ ئەوەی خزمایەتی و یا دۆستایەتی قەدیمیان هەبوو بێ، مامۆستا بۆ دۆستایەتی دەبێ.
بۆ نوێژی شێوان نەگەیشتینەوە بە کورتی لەسەر کلکەی هەمزاوایە بە ڕوکاری پشتەپی‌دا، بانگی شێوان لە مەهاباد درا.
تا سەفەرێکی تر بەخواتان دەسپێرم.
نووسەر: سەیید موحەممەد ئەمین واژی/ مەهاباد

۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۲ی هەتاوی